سه‌ردار سه‌عدی
له ژیانی شۆرشگێرانه‌ی گه‌لی کورد دا که‌م نیه ئه‌و وێنانه‌ی که بریا و خۆزگه ده‌خوازین که هه‌ڵگیرابان و وه‌ک ئاڵبۆمێک بۆ هه‌میشه له لامان بوایه و به‌ڵگه‌ی شانازی گه‌له‌که‌مان و نه‌سڵه‌کانی داهاتوومان بوبان. هه‌ر ئێستاش ئه‌و وێنه ره‌ش و سپی‌یانه‌ی که به هه‌ڵکه‌وت له هێندێک لایه‌نه‌کانی شۆرشی کورد هه‌ڵگیراون، ته‌نیا به‌لگه‌کانی ویژواڵی (ته‌سویری) گه‌له‌که‌مانن.
ئه‌و فیلمه دێکۆمۆنتری‌یانه‌ی له شۆرشه‌کانی کوردستان له پارچه جیاجیاکانی کوردستان گیراون بیره‌وه‌ریه زیندووه‌کانی هه‌مومانن به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ک فیلمێکی به سێناریو دارێژراو و به پرۆگرام بێت، یه‌که‌م جار به فیلمی "تیرێژ" و ده‌رهێنانی "خه‌لیل ئویسال" به‌رهه‌م هێنرا. ئیتر ژیانی شۆرشگێرانی کورد وه‌ک چیرۆکێک نمایش ده‌درا.
"خه‌لیل ئویسال"
کاتێک له ویکی‌پیدیا له نێوی خه‌لیل ئویسال ده‌گه‌رام ئه‌و بابه‌ته‌م هاته به‌رچاو:"ده‌رهێنه‌ری ئازادی، ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌رانی کورد له جیهان ده‌یانهه‌وێ بۆ ئازادی فیلم ساز بکه‌ن خه‌لیل ئویسال له نێو ئازادی دا ده‌ژیت. له به‌ر ئه‌وه که خه‌لیل نه ته‌نیا ده‌رهێنه‌ره به‌ڵکو شه‌رڤانی ئازادی کورد و کوردستانه. خه‌لیل خۆی ئاکادیمیای سینه‌مای ئازادی کورد و کوردستانه."
خه‌لیل ئویسال لاوێکی تورکی خه‌ڵکی ئیزمیره که خه‌باتی رۆژنامه‌وانی و وێنه‌هه‌ڵگری خۆی هه‌ر له‌و شاره ده‌ست پێکردووه و هاورێ له گه‌ل کامێراکه‌ی رووی له چیاکانی کوردستان کردووه و تێکه‌ڵ به ریزی شۆرشگێرانی کورد بووه. هه‌ر له شاخه‌کانی بۆتان و زاگرۆس بۆ به به‌ڵگه کردنی شۆرشی کوردان درێژه‌ی به خه‌باتی رۆژنامه‌گه‌ری و کامێراوانی خۆی داوه و چه‌ندین فیلمی دۆ‌کۆ‌مه‌نته‌ری و گه‌لێک وێنه‌ی له خه‌باتی شۆرشگێرانی کورد هه‌ڵگرتووه. خۆشه‌ویستی چیاکانی کوردستان وای لێده‌کات که پاش‌ناوی خۆی به "چیا" ده‌گۆرێنێت و وه‌ک خه‌لیل چیا ده‌ناسرێت. یه‌که‌م به‌رهه‌می خۆی وه‌ک کتێب به ناوی "زمانی ژیان له چیاکان‌دا" ده‌نوسێت. بۆ نوسینی ئه‌و کتێبه وه‌ک وێنه‌هه‌ڵگرێک، رۆژنامه‌وانێک، نوسه‌رێک و شه‌رڤانێک قه‌ڵه‌م به ده‌ست ده‌گرێت.
کتێب باسی لایه‌نه‌کانی شه‌ری ئازادی له کوردستان ده‌کات. پۆرتره‌کان، بیره‌وه‌ریه‌کان، دیالۆگه‌کان و دیمه‌نه‌کانی شه‌ر به شێوه‌یه‌کی جیاواز ده‌نوسێته‌وه.
ئویسال له به‌شێکی کتێبه‌که‌ی دا ده‌نوسێت:"ئه‌وه‌م زانی که هه‌ر وینه‌یه‌کی له چیاکان دا هه‌ڵمگرتووه خۆی مێژوویه‌که و جارێکی تر دوپات نابێته‌وه. زانینی ئه‌و شته هاورێ بو له گه‌ڵ کێشانی ئێشێکی زۆر. ئه‌و وێنانه‌ی که بۆ چاپ ده‌مانناردن له کاتی گه‌رانه‌وه‌یان دا و هه‌تا چوارچێوه‌یه‌کیان بۆ ببینینه‌وه ئیتر درێنگ ده‌بوو، چونکه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی وێنه‌یانم هه‌ڵگرتبوو ئیدی له ژیان دا نه‌بون و شه‌هید ببون. له‌و کاته که‌مه‌ی هه‌تا وێنه‌که ده‌هاته‌وه به‌ڵام خاوه‌ن وێنه‌که ئیتر یان شه‌هید ببو یان زۆربه‌ی شه‌رڤانه‌کان دوایین وێنه‌یان بوو، ئێشێکی زۆری به مرۆڤ ده‌دا."
یه‌که‌م فیلمی داستانی "خه‌لیل ئویسال" فیلمی "تیرێژ" بوو. تیرێژ یه‌که‌م به‌رهه‌می سینه‌مایی داستانی‌یه که له چیاکانی کوردستان و به هاوکاری کۆمه‌ڵێک کادری ئاماتۆر و پێشمه‌رگه و به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئامرازه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانی ته‌کنۆلۆژیای سینه‌ما سازکراوه.
ئه‌گه‌رچی که‌مایه‌سی ته‌کنیکی و نه‌بونی کادری په‌روه‌رده کراو له فیلم دا به‌رچاوه به‌ڵام ره‌وتی به‌ره‌و پێش‌چوونی به‌رهه‌مه‌کانی ئویسال نیشانی دا که له‌و بێ ئیمکانیه‌ش دا ده‌توانن به‌رهه‌می شایان و به‌نرخ له سینه‌مای کوردی دا تۆمار بکه‌ن. فیلمه‌کانی تری خه‌لیل ئویسال، "روخساره نه‌شاردراوه‌کانی ئێمه" و "ئاوێنه‌ی به‌ژن" بوون که له فه‌ستیڤاڵه‌کانی ئه‌وروپا و فه‌ستیڤاله فیلمه کوردیه‌کانی ئه‌وروپا دا نیشان دران. دوای ئه‌و دو فیلمه ئیتر قوتابخانه‌یه‌کی تایبه‌ت له سینه‌مای کوردی دا کرایه‌وه، قوتابخانه‌ی سینه‌مای شاخ یان سینه‌مای خه‌لیل ئویسال.
ئیتر ده‌کرا هه‌ر ساڵ چاوه‌روانی به‌رهه‌مێکی نوێی خه‌لیل ئویسال و تاقمی هاورێی بین. دوایین به‌رهه‌می ئه‌و ده‌رهێنه‌ره، فیلمی "بێریتان" بوو.
ماڵپه‌ری ره‌سمی چواره‌مین فه‌ستیڤالی فیلمی کوردی له‌نده‌ن ئاوا باس له فیلمی "بێریتان" ده‌کات:
"له چیاکانی کوردستان فیلمی گیراوه و ئه‌کته‌ره‌کانی گه‌ریلای ڕاستین، ئه‌مه چیرۆکێکی ڕاسته‌قینه‌ی کچه‌پاڵه‌وانی کورد گوڵناز کاره‌تاشه که نازناوی (بێریتان)ـه، که به‌شداری بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاریی کورده. بێریتان هه‌م شاعیر و هه‌میش پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌نگارییه و هه‌روه‌ها دژایه‌تیی کاری چه‌وتی هه‌ندێک له ڕابه‌ره‌کانی باڵی سوپایی ناو پ.ک.ک.ی کردووه و به‌ر له مردنێکی پڕ له شانازی، به‌ره‌نگاریان بووه‌ته‌وه. بێریتان تا دوافیشه‌ک به‌ره‌نگار ده‌بێته‌وه و پاشانیش له خه‌ره‌ندێکه‌وه خۆی هه‌ڵده‌داته خواره‌وه".
هه‌روه‌ها ماڵپه‌ری ره‌سمی چواره‌مین فه‌ستیڤالی فیلمی کوردی به‌رلین ئاوا باس له‌و فیلمه ده‌کات:
"فیلمه‌که چیرۆکی گه‌ریلای ئه‌فسانه‌یی کورد، بێریتان‌ه که به بیر و باوه‌ری به هێزی شۆرشگێری خۆی خه‌باتی کردووه. ئه‌و ده‌ڵی که رێگا نادات نه له لایه‌ن به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌کانی خۆی و نه له لایه‌ن بیر و باوه‌ره کۆن و پاشکه‌وتووه‌کانه‌وه بچوک بکرێته‌وه، ئه‌و هه‌رکات بۆ بیر و باوه‌ره شۆرشگێریه‌کانی خۆی خه‌بات ده‌کات. له دوایی دا خۆی له به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی دژوار ده‌بینێته‌وه: یان ته‌سلیم بێت یانیش بمرێت. سه‌رچاوه‌ی فیلم کتێب و ده‌ستنووسی رۆژانی بێریتان و هه‌ڤاڵانی ژنی وی‌یه. بێریتان فیلمی هه‌ره نوێی گه‌ریلاکانی کورده که ته‌نیا به هێزی خۆیان سازیان کردووه".
ده‌رهێنه‌ری فیلم خه‌لیل ئویسال و هاورێکانی ژین‌دا باران و ده‌رسیم زێره‌ڤان‌ه. فیلم له کوردستانی باشوور گیراوه و180 خوله‌ک‌ه.
"بێریتان" که چیرۆکی پاڵه‌وانێتیه‌کی به‌ناوبانگه، ته‌نانه‌ت وه‌ک ژاندارکی کورد نێوی ده‌به‌ن. ئه‌و فیلمه له بواری سرنج راکێشانی خه‌ڵکه‌وه سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا.
خه‌لیل ئویساڵ له باره‌ی ئه‌و فیلمه دا رێکه‌وتی 4 ئۆکتۆبری ئه‌مساڵ له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی یه‌نی ئوزگور پۆلیتیکا گوت و وێژێکی کرداووه که لێره‌دا کورته‌یه‌ک له وت و وێژه‌که ده‌خوێنینه‌وه:
"بێریتان ناسنامه‌ی بۆ ئێمه ئافراند"
"-فیلم له کاتێکی که‌م دا سرنجێکی زۆری بۆخۆی راکێشا، چاوه‌روانی ئه‌وه‌تان ده‌کرد؟
-ناتوانم بڵێم ده‌مانزانی واده‌بێت. به‌ڵام کاتێک ئه‌و رێگایه‌مان ده‌ست پێ‌کرد ئه‌وه‌مان هه‌ست کرد. ئه‌وه‌ش ته‌سادوف نه‌بو. له‌وه گرینگتر ئه‌و پرسیاره‌یه که چۆن بوو گه‌لی کورد ئاوا خاوه‌ن له‌و فیلمه ده‌رکه‌وت. ئه‌وه جێگای سرنجه....
-سینه‌مای کوردی خه‌ریکه ناسنامه‌یه‌ک بۆخۆی په‌یدا بکات. له‌و باره‌دا گفتوگۆی جیددی هه‌یه. به رای ئێوه سینه‌مای کوردی چۆن ده‌توانێ پێش بکه‌وێت، ناسنامه‌ی خۆی چۆن په‌یدا ده‌کات؟
-له سینه‌مای کوردی دا له خه‌و هه‌ستانێک هه‌یه....چه‌ندین به‌رهه‌می به‌نرخ سازکراون، ده‌رهێنه‌ری به نرخ هه‌ن. به‌ڵام به باوه‌ری من له سینه‌مای کوردی دا که‌مایه‌سی فیکر هه‌یه... به باوه‌ری من فیکری سینه‌مای کوردی خه‌ریکن له ده‌ره‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان لێیده‌گه‌رێن. و ئه‌وه‌ش خه‌تای هه‌ره گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ندی کورده....به باوه‌ری من فیکری سینه‌مای کوردی له شاخه کان‌دا له دایک ده‌بێت. ئه‌وه نه‌ک به‌و مانایه که ته‌نیا ئه‌و فیلمانه‌ی له چیاکان گیراون سینه‌مای کوردین نا، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌وه یه که چیاکان زه‌مینی فیکری سینه‌مای کوردی و هونه‌ری کوردین. وه‌ک ئه‌وه له ده‌ریا دابی به‌ڵام ده‌ریا نه‌بینی...هونه‌ری کوردی و سینه‌مای کوردی ته‌نیا به هزرێکی نوێ ده‌توانێ گه‌شانه‌وه به‌خۆی ببینێ....به‌رای من به‌ڵکو ببین به ماڵی بازارێک یان چه‌پڵه‌مان بۆ لێبده‌ن به‌ڵام هه‌ره گرینگ ئه‌وه‌یه که گه‌له‌که‌مان چه‌پڵه‌مان بۆ لێدا و له دڵی وان دا جێگیر بین....
-خه‌لیل چیا له بن چه‌ندین فیلمی گه‌ریلایی ئیمزا لێداوه. هه‌تا ده‌روات ره‌وتی تایبه‌ت به خۆی ده‌بینێته‌وه و سه‌رکه‌وتن به ده‌ست دێنێت. ئایا خه‌لیل چیا له بواری سینه‌ما دا په‌روه‌رده‌ی بینیوه؟
-پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر چیا هێندێک په‌روه‌رده‌ی ناته‌واوی کامێرا و وێنه هه‌ڵگریم دیبوو. جیا له ئه‌و هیچ په‌روه‌رده‌یه‌کی ترم نه‌دیوه. له راستیدا ئه‌وه چیاکان بوون که منیان بۆ ئه‌و خه‌باته راکێشا...
-پاش‌ناوی خۆت چۆن بوو گۆری؟
-له‌و چیایانه کاتێک هه‌ستم به‌و گۆرانانه کرد که له بیر و باوه‌رم دا به‌دیهاتون، پاشناویشم گۆری و کردم به چیا. ئه‌وه ناسنامه‌ی نوێی من بوو."
راستی سینه‌مای "خه‌لیل چیا"، راستی به‌شێکی گرینگ له ژیانی گه‌لی کورده. "خه‌لیل ئویساڵ" چیاکانی به کامێرا و ده‌نگ هه‌ڵگر و بانگی ده‌رهێنه‌ر که ده‌ڵێت: ده‌نگ، ره‌نگ و اکشن، ئاشنا کرد.
ئه‌گه‌ر چیاکان تاکه دۆستی ئێمه بوون، بۆچی به جیهانیان نه‌ناسێنین؟