فیلمێکی دۆکۆمهنتهری سه‌باره‌ت به سینه‌مای مه‌هاباد

"خه‌یاڵی ون بوو" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی: شیلان سه‌عدی و که‌یوان فه‌هیمی
پرسیارێک و هه‌زاران پرسیارٍٍ؛ بۆ چی شارێک بێ سینه‌ما مایه‌وه؟
سینه‌ما ئه‌و خه‌ونه گشتییه یه که له کاتی ئافراندنیه‌وه هه‌تا ئێستا وه‌ک خه‌ونی شار ده‌ناسرێت. خه‌ونێکی هاوبه‌شی شارنشینان. سینه‌ما بوو به خه‌یالێک که هه‌موو که‌س به بێ جیاوازی ده‌یانتوانی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه. ئیتر چیرۆکی ژیان و خولیاکانی هه‌ر مرۆڤێک له یه‌ک ئه‌کران دا دابه‌ش ده‌بوو. پێکه‌نین، گریان، سه‌رسورمان و هه‌مو هه‌سته‌کانی سه‌ر ئێکران له نێو ته‌ماشاچیه‌کانی دابه‌ش ده‌کرا. سینه‌ما بوو به خاڵی هاوبه‌شی هه‌ستی شارنشینان و نۆستالژیه‌کی هه‌تا دوایی بۆ ژیانی شار.
سینه‌مای مه‌هاباد
مه‌هاباد ئه‌گه‌رچی شارێکی چکۆله‌ی کوردستانه به‌ڵام ناوێکی ناسراو و مێژوویه‌کی به‌رچاوی هه‌یه. له باری چاندیشه‌وه هه‌ر کات وه‌ک پێشه‌نگێک ده‌ناسرێت. نزیکه‌ی نیو سه‌ده له‌مه‌و به‌ر سینه‌ما وه‌ک خه‌یاڵێکی هاوبه‌ش سرنجی خه‌ڵکی ئه‌و شاره بۆخۆی راده‌کێشێت و نۆستالێژیایه‌کی نوێ بۆ ئه و شاره له گه‌ڵ خۆی دێنێت. ئه‌و ساڵۆنه سینه‌مایه‌ی که فیلم باسی لێوه ده‌کات ساڵی 1968 زایینی داده‌مه‌زرێت. سینه‌ما ته‌ربیه‌تی مه‌هاباد.
به‌ڵام چیرۆکی خه‌یاڵی ئه‌و شاره چوار ساڵ له مه‌و به‌ر یانی ساڵی 2002 (1381 هه‌تاوی) به یه‌کجار داده‌پچرێت و ئه‌و تاکه سینه‌مایه‌ی مه‌هاباد داده‌خرێت. فیلمی "خه‌یاڵی ون بوو" گێرانه‌وه‌یه‌کی جیاواز له چیرۆکی ئه و سینه‌مایه یه. ئه‌و فیلمه له لایه‌ن دو ده‌رهێنه‌ری لاو و نوێکاری مه‌هاباد، "شیلان سه‌عدی" و "که‌یوان فه‌هیمی" یه‌وه ئاماده کراوه. وه‌ک سه‌ره‌تای فیلم باس ده‌کات پرسیارێک و هه‌زاران پرسیار بوو به هۆی بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر سینه‌مای شاری مه‌هاباد. بێگومان له ئاستی دونیادا گه‌لێک فیلم سه‌باره‌ت به چیرۆک و مێژووی سینه‌ما سازکراوه. به‌ڵام ئه‌وه یه‌که‌م فیلمه که سه‌باره‌ت به سینه‌ما له کوردستان ساز ده‌کرێت. ئه‌وه بێگومان شوێن ههنگاوێکی به‌رچاو ده‌بێت له ئاستی سینه‌مای کوردی دا بۆ نرخ پێدان به فیلمی دۆکۆمهنتهری سه‌باره‌ت به لایه‌نه‌کانی جیاوازی ژیان له کوردستان.
فیلم به موزیکێکی دینۆ سالۆدزی(ئاکاردئۆن) ودیمه‌نی ساڵۆنی سینه‌مای مه‌هاباد ده‌ست پێده‌کات و به ده‌نگی بێژه‌ری فیلمه‌که، که‌یوان فه‌هیمی، باس له‌و پرسیارانه ده‌کات که بیرۆکه‌ی دروست بونی ئه‌و فیلمه بووه. دیمه‌نی شاری مه‌هاباد له وه‌رزی زستان و به‌رده‌وامی موزیکی فیلمه‌که به موسیقای "خزم و قه‌وم" ی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی ئه‌و شاره "ماملێ"، نۆستالژی تایبه‌تی شاری مه‌هاباد له بینه‌ر دا زیندوو ده‌کاته‌وه.
تێکه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ره‌ش و سپی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له کاتی فیلم گرتن (واته پشت کامێرا) له ره‌وتی فیلم ههڵگرتنهکه گیراون له‌گه‌ڵ دیمه‌نه ره‌نگیه‌کانی فیلمه‌که، فه‌زایه‌کی تایبه‌تی دروست ده‌کات و بینه‌ر بۆ وه‌دواکه‌وتنی وردبینانه‌ی فیلمه‌که وه‌خۆ ده‌خات.
توێژێنه‌ر و فۆتۆگری فیلمه‌که "سه‌یران سه‌عدی"، وه‌ک رۆژنامهونێک سه‌باره‌ت به مێژوو و هۆیه‌کانی داخرانی سینه‌مای مه‌هاباد، له به‌رپرسان و ناسراوانی کولتوری مه‌هاباد و کادیره‌کانی سینه‌مای مه‌هاباد پرسیار ده‌کات و زانیاره‌کانی له‌و باره‌دا له‌گه‌ڵ بینه‌ر هاوبه‌ش ده‌کات.
ئه‌و که‌سانه‌ی له فیلم دا قسان ده‌که‌ن باس له رابردووی هاتنی سینه‌ما بۆ مه‌هاباد و ره‌وتی به‌ره‌و پێش چونی هه‌تا ئێستا ده‌که‌ن. ساڵی 1958 (1337 هه‌تاوی) سینه‌ما دێته شار. یه‌که‌م سینه‌ما چیرۆکی زۆربه‌ی سینه‌ماکانی جیهانی لی به‌سه‌ر دێت. سینه‌ما، ئاپارات، ئاپارات خانه و ئاپاراتچیهکه به گشتی ده‌سوتێن. دواتر سینه‌ما گیتی له جێگایه‌کی تر و هه‌روه‌ها دوای ئه‌و سینه‌ما گیتی ن‌و یان سینه‌ما ئومید، و ساڵی 1968 (1347 هه‌تاوی) ئه‌و سینه‌مایه‌ی ئێستا ده‌کرێته‌وه. وه‌کو یه‌که‌م فیلمیش "پیاوێک له ئیستانبوڵ" نمایش ده‌درێت.
سینه‌ما ئومید له سه‌رده‌می شۆرشی ئێران له ساڵی 1979 دا ده‌سوتێت و ته‌نیا ئه‌و سینه‌مایه‌ی ئێستا به‌رده‌وام ده‌کات که ساڵی 2002 ئه‌و سینهمایهش داده‌خرێت. هاورێ له‌گه‌ڵ باس کردنی به‌سه‌رهاتی سینه‌ما له مه‌هاباد، دیمه‌نه‌کانی ئه‌و بینایانه‌ی سینه‌مایان لێ بووه نیشان ده‌درێت.
یه‌کێک له به‌شه هه‌ره به هێزه‌کانی فیلمه‌که ، گوت و وێژ له‌گه‌ڵ ئاپاراتچی سینه‌ماکه ره‌زا حه‌یده‌ری ناسراو به ره‌زا ئاپاراتچی یه که به هۆی دوکه‌ڵی ئه‌و ده‌زگا ئاپاراتهی که به رێژی کاری کردووه و دوکه‌ڵی جگه‌ره کێشانی ته‌ماشاچیه‌کانی ناو سینه‌ما، له درێژایی ته‌مه‌نی کارکردنی له‌و ئاپاراتخانه یه تووشی شێرپه‌نجه‌ی حه‌نجه‌ره بووه و کاتێک قسان ده‌کات ده‌نگی ده‌ر نایه‌ت. سه‌ر ئه‌نجامی تراژیکی ئه‌و پیاوه له سینه‌ما ئه‌وه بووه که له‌گه‌ڵ داخستنی سینه‌مای مه‌هاباد ئه‌ویشیان دوای 30 ساڵ رابردوو و ئه‌زمونی کاری، بێ هیچ قهرهبوونێک وه‌ده‌ر ناوه. ره‌زا ئاپاراتچی به‌شی هه‌ره گرینگی بیره‌وه‌ری ئه‌و سینه‌مایه یه.
ده‌رهێنه‌رانی فیلمه‌که ئیزن وه‌رده‌گرن تا بۆ دوایین جار بۆ سانسێک فیلمێک له‌و سینه‌مایه نیشان بده‌ن که ئیزنی ئه‌وه‌یان پێده‌درێت به‌ڵام هاورێ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئاسته‌نگی وه‌ک قه‌ده‌غه کردنی فیلم هه‌ڵگرتن له ده‌ره‌وه‌ی سینه‌ما و گوت و بێژ له‌گه‌ڵ هه‌مو کادیرانی سینه‌ما سه‌باره‌ت به هۆی داخستنی سینه‌ما.
هاورێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ش فیلمه‌که تێده‌کۆشێت هه‌ڵوێستی سه‌رسورمانی خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری سینه‌ما سه‌باره‌ت به کردنه‌وه‌ی دوباره‌ی سینه‌ماکه و هه‌ستی تهماشاچیهکان نیشان بدات. هه‌روه‌ها له چه‌ند که‌سێکی مه‌ده‌نی شار سه‌باره‌ت به بیر و را و هه‌ستیان سه‌باره‌ت به سینه‌مای شاره‌که‌یان پرسیار ده‌کات.
له ئه‌نجام دا فیلمه‌که ده‌توانێ تا راده‌یه‌ک هۆیه‌کانی داخرانی ئه‌و سینه‌مایه روون بکاته‌وه. بێ گومان پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆژیای راگه‌یاندن و هاتنه گۆری ته‌له‌فیزیۆن، ڤیدیو، سیدی و سه‌ته‌لایت، له‌و رۆڵه‌ی که سینه‌ما له راگه‌یاندن یان به‌سه‌ر بردنی کاتی خۆشی خه‌ڵک دا هه‌یبوه که‌می کردۆته‌وه و کارئهرکی سینه‌ما دابه‌ش کراوه. سه‌رده‌مێک که سینه‌ما وه‌ک تاکه ئامرازی ده‌نگ و ره‌نگ دار خه‌ڵکی له خۆ کۆ کردۆته‌وه کۆتایی هاتووه و شۆرشی ئه‌له‌کترۆنی له هه‌ر ماڵێک دا توانیوێتی سینه‌مایه‌ک بئافرێنێت (دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست له سینه‌ما فیلم سازکردن نیه و هاورێ له‌گه‌ڵ مانا گشتیه‌که‌ی، مه‌به‌ست ئه‌و جێگایه‌یه که فیلم نمایش ده‌درێت). به‌ڵام وه‌ک چۆن کتێب و کتێبخانه‌ی شار، شانۆ و تالاری شانۆی شار، موسیقا و تالاری ئورکێسترای شار گرێدراوی یه‌کترن، بۆ فیلم و سینه‌ما و تالاری سینه‌مای شاریش هه‌ر ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه هه‌یه و ئه‌مانه بناغه‌کانی سه‌ره‌کی کولتوری یه‌ک شارن. له هه‌موشیان زیاتر سینه‌ما، که خه‌ونی هاوبه‌شی شاره. بێ گومان هه‌ر ئێستاش تالاره‌کانی سینه‌ما له‌و وڵاتانه‌ی سینه‌ما لێی له دایک بووه گرینگی سه‌ره‌کی یان له ته‌کنۆلۆژی و بازرگانی سینه‌ما و به‌رهه‌مهێنانی فیلم دا هه‌یه و هه‌تا فیلمێک ته‌واوی سینه‌ماکانی جیهان ده‌رباز نه‌کات، بڵاوبوونه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌یه.
دیاره ئه‌وه بابه‌تێکه که بۆ هه‌مومان ئاشکرایه به‌لام کاتێک چاو له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی کولتوری شار و وڵاتانی خۆمان ده‌که‌ین، زۆر جار بیانۆکانی رێگرتن له به‌ر پێشکه‌وتنی چانده‌که‌مان، ئه‌و شتانه باس ده‌که‌ن که‌چی کێشه‌که به‌لارێدا چونی هاورێ بونمانه له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی ته‌کنیک. ئه‌گینا چاندی سینه‌ما و خه‌یاڵی شاره‌کان هه‌ر له لای ئێمه راوه‌ستانی تێکه‌وتووه.
فیلمه‌که له‌گه‌ڵ ئاماژه به پێشکه‌وتنی ئامرازه‌کانی راگه‌یاندن و له باو که‌وتنی سینه‌ما، له زمانی به‌رپرسان و کادیرانی سینه‌ماکه فرۆش نه‌کردنی فیلمه‌کان له‌و سینه‌مایه (هاورێ له‌گه‌ڵ ئاماژه به نه‌بونی ئیزنی نمایشی فیلمی رۆژ) وه‌ک هۆی سه‌ره‌کی داخرانی سینه‌مای مه‌هاباد ده‌ستنیشان ده‌کات.
به‌ڵام وه‌ک چۆن فیلم باس له‌و ئاسته‌نگیانه ده‌کات که له پرۆسه‌ی سازکردنی دا له لایه‌ن به‌رپرسانی شار بۆی دروست بووه، ده‌توانین ئه‌و ئاسته‌نگیانه و به‌رچاوته‌نگی به‌رپرسانی شاری مه‌هاباد وه‌ک یه‌کێک له هۆ سه‌ره‌کیه‌کانی داخرانی سینه‌مای مه‌هاباد دابنه‌ین. داخرانی سینه‌ماکانی کوردستان له کاتێک دایه که سینه‌مای کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له پێشکه‌وتن دایه و هه‌تا ده‌چێت زیاتر ناوی ده‌رهێنه‌رانی کوردی توانا و چالاک له سینه‌مای ئێران دا ده‌بینین. هه‌ر له فیلمه‌که دا بێژه‌ر هه‌واڵی داخرانی سینه‌مای سه‌قزیش مان پێ راده‌گه‌یێنێت که زۆر جێگای سرنجه.
بێ گومان فیلمی "خه‌یاڵی ون بوو" یه‌کێک له به‌رچاوترین به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌مای کوردی ده‌بێت به‌تایبه‌ت له باری ناوه‌رۆکه‌وه. به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویی بۆ ناسین و وردبونه‌وه له سه‌ر سینه‌ما له کوردستان. و هه‌ڵبه‌ت وێنه‌یه‌ک بۆ نه‌مر کردنی خه‌یاڵی ون بووی شاری مه‌هاباد.
دیمه‌نێکی ره‌ش و سپی شه‌قامی شاپوور و بینا مێژوویی یه‌کانی له کاتی به‌فر بارینی زستان، هاورێ له‌گه‌ڵ موسیقایه‌کی که‌وناره‌ی کوردی له گروپی ئاگری ژیان، کۆتایی نۆستالێژیکی فیلمه‌که‌یه.
به‌داخه‌وه فیلمه‌که تا ئێستا ئیمکانی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌بووه و له دوایین هه‌وڵه‌کانی دایه بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌ستی بینه‌رانی بگات.
ئه‌و فیلمه ماوه‌ی 30 ده‌قیقه‌یه و زستانی 1384 و به‌هاری 1385 هه‌تاوی (2006)، به شێوازی دیجیتالی D.V به‌رهه‌م هێنراوه و رێکخراوه‌ی په‌ره‌پێدانی سینه‌مایی سوره له تاران به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌که‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه.