له گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنه یه‌ک به دوای یه‌که‌کانی به‌همه‌ن قوبادی و به تایبه‌ت دواترین به‌رهه‌می ئه‌و ده‌رهێنه‌ره کورده، "نیوه مانگ"، که توانی له فه‌ستیڤالی سه‌ن سێباستیه‌ن سێ خه‌ڵاتی گرینگی ئه‌م فه‌ستیڤاله بباته‌وه، رۆژنامه‌ی هه‌ره به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی لۆمۆند ده‌ڵێت: " ئیتر له ئێستاوه به‌همه‌ن قوبادی یه‌کێک له ناودارینی سینه‌مای جیهانه". ئه‌و بابه‌ته له لاپه‌ره‌ی هونه‌ری هه‌ژمار 4ی ئۆکتۆبری ئه‌و رۆژنامه‌یه و به پێنوسی تۆماس سوتینێل (سه‌ر نوسه‌ری هونه‌ری رۆژنامه‌که و ره‌خنه‌گری به ناوبانگی فه‌ره‌نسی) بڵاو بۆته‌وه. شایانی باسه که فیلمی "نیوه مانگ" له فه‌ستیڤالی فیلمی سێباستیه‌ن سێ خه‌ڵاتی سه‌ده‌فی زێرین بۆ باشترین فیلم (هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ فیلمی فه‌ره‌نسی "کوره‌که‌م")، باشترین خه‌ڵاتی ره‌خنه‌گران و باشترین وێنه هه‌ڵگری فه‌ستیڤاله‌که‌ی بۆخۆی برد. ئه‌وه بۆ جاری دویه‌مه که به‌همه‌ن قوبادی خه‌ڵاتی گرینگی سه‌ده‌فی زێڕینی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌ن سێباستییانی ئیسپانی ده‌باته‌وه. له هه‌واڵێکی تر دا که سایتی په‌یامنێر رایگه‌یاندووه، به‌همه‌ن قوبادی یه‌ک له‌و سه‌د ده‌رهێنه‌ره به‌ناو بانگه‌ی سینه‌مایه که له کتێبێک به ناوی "سینه‌مای ئێستا" دا باس له ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی ده‌کرێت. ئه‌م کتێبه له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ وپه‌خشی به‌ناوبانگی تاشن (Taschen) له وڵاتی به‌ریتانیا و به‌سه‌رپه‌رشتی (ئه‌ندرۆ بایلی) بڵاوده‌کرێته‌وه و له 600 لاپه‌ڕه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگدا، وێنه‌و به‌رهه‌مه‌کانی سه‌د که‌س له باشترین سینه‌ماکارانی ئێستای دنیا ده‌خاته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه.
ئه‌وه له کاتێک دایه که نمایش و بڵاو بونه‌وه‌ی "نیوه مانگ" له ئێران به تۆمه‌تی جیاوازی خوازی، له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه رو‌به‌روی قه‌ده‌غه بۆته‌وه. "نیوه‌مانگ" چیرۆکی ئامێرژه‌نێکی پیر و به‌ناوبانگی کوردستان به نێوی مامۆ ده‌گێرێته‌وه که دوای ساڵیانێک ده‌یهه‌وێ هاورێ له‌گه‌ڵ مناڵه موسیقا زانه‌کانی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه بۆ به‌رێوه‌بردنی کۆنسێرتێک بچن بۆ باشووری کوردستان. هاورێ له گه‌ڵ ئه‌وان ژنه گۆرانی بێژێکیشیان له گه‌ڵه که له‌و رێگایه‌دا به‌سه‌رهاتی جیاوازیان بۆ پێش دێت. "نیوه مانگ" به بۆنه‌ی 250یه‌مین سالوه‌گه‌ری له‌دایک بونی مۆتزارت و له لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئۆتریشه‌وه به به‌همه‌ن قوبادی و 4 ده‌رهێنه‌ری تر سیفاریش کراوه. فیلمه‌که کاری هاوبه‌شی کوردستانی عێراق، ئۆتریش، فه‌ره‌نسه و ئێرانه. ئه‌و فیلمه هه‌تا ئێستا له زۆر فه‌ستیڤالی جیهانی دا به‌شداری کردووه و له لایه‌ن کوردستانی عێراقه‌وه وه‌ک نوینه‌ر بۆ فه‌ستیڤالی ئۆسکاری ئه‌مساڵ پێشنیار کراوه.