ده‌وریم قیلیچ، فرات
وه‌رگێران له تورکییه‌وه:س.سه‌عدی
فیلمی دۆکۆمه‌نته‌ری"ده‌یوید تۆڵهه‌ڵدان" کاری ده‌رهێنه‌ری سویسی به ره‌چه‌ڵه‌ک کورد "مانۆ خه‌لیل"، که چیرۆکی گه‌ریلایه‌کی به ره‌چه‌ڵه‌ک سویسی پ.ک.ک به ناوی"ده‌یوید رۆیلێر" ده‌گێرێته‌وه، به هۆی گوشاره‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیه له سه‌ر ئه‌کرانی فه‌ستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئیمارات لادرا.ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که "مانۆ خه‌لیل"، که خۆی ئێستا له ئه‌بوزه‌بی یه، رایگه‌یاندووه که چه‌ند کاتژمێرێک به‌ر له نیشان دانی فیلمه‌که‌ی له فێستیڤال، له لایه‌ن کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری فێستیڤال پێی راگه‌یاندراوه که فیلمه‌که‌ی نیشان نادرێت.
له لێدوانی خه‌لیل دا هاتووه،" ئێواره‌ی رۆژی 12 مارس کاتژمێر 10 بریار بوو فیلمه‌که نیشان بدرێت. به‌ڵام به‌یانی هه‌ر ئه‌و رۆژه به‌رێوه‌به‌ری فه‌ستیڤال، "مه‌سعود ئه‌مرالی ئالی عه‌لی" پێی راگه‌یاندم که فیلمه‌که‌ت نیشان نادرێت، ئه‌ویش به‌و هۆیه که حکومه‌تی تورکیا له‌وباره‌وه په‌یوه‌ندی به حکومه‌تی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب گرتووه و ئیماراتیش بریاری راگرتنی نمایشی فیلمی ئێوه‌ی داوه. به‌رپرسی فه‌ستیڤالیش له به‌رانبه‌ر ئه‌و بریاره راوه‌ستاوه به‌ڵام هیچ ئاکامێکی نه‌بووه".
خه‌لیل دوای مه‌حکوم کردنی ئه‌و بریاره، باسی له دڵشکاوی ئه‌و بینه‌رانه کرد که به مه‌راقه‌وه چاوه‌روانی نیشاندانی فیلمه‌که بوون. ده‌رهێنه‌ر دوای ئه‌وه که ئاماژه‌ی به بێده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب له به‌رانبه‌ر تورکیه کرد، دستنیشانی کرد که ئه‌وه جارێکی دیکه نیشانی دا ده‌وڵه‌تی تورکیه چه‌نده خاوه‌ن که‌سایه‌تی‌یه‌کی قه‌ده‌غه که‌ر، دژه هونه‌ر، دژه دیالۆگ و دژ به ئازادی رامانه.
"با بزانن که کوردستان ئازاد ده‌بێت"
خه‌لیل به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه که ئه‌و دێکومه‌نته‌ره له لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سویس و ته‌له‌ڤیزیۆنی ده‌وله‌تی ئه‌و وڵاته بودجه‌ی بۆ ته‌رخان کرابوو، سرنجی بۆ ئه‌وه راکێشا که ئه‌و فیلمه هه‌م له سویس و هه‌م له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا نمایش دراوه و پێشوازیه‌کی زۆر له فیلمه‌که‌ی کراوه. له به‌رده‌وامی وته‌کانی دا خه‌لیل وتی" مل‌که‌چ بوونی کۆمیته‌ی فه‌ستیڤال له به‌رانبه‌ر گوشاره‌کانی تورکیه مێشکمی تێکه‌ڵ کرد. سه‌رده‌می ئێستا سه‌رده‌می ئازادی بیر و رامانه. سه‌رده‌می فاشیزم و دیکتاتۆرێتی نیه. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه تا ئێستا کردوویه‌تی ته‌نیا خنکاندنی ده‌نگی گه‌لی کورد و هونه‌رمه‌نده‌کانیه‌تی. به‌ڵام با ئه‌وه بزانن که ئه‌و قه‌ده‌غه کاریانه ته‌نیا هێز و به‌بریار بوونی زیاترمان له کار و خه‌بات دا په‌ره پێده‌دات. تورکه‌کان ئه‌گه‌ر بچنه ئه‌و په‌ری ئاسمانیش ده‌بێ ئه‌وه بزانن که کوردستان هه‌ر ئازاد ده‌بێت. با فیلمه‌که قه‌ده‌غه کرابێت به‌ڵام گه‌لی کورد و ده‌رهێنه‌ره‌کانی به سه‌دان دۆستی تریان له ئاکام دا به‌ده‌ست هێنا".
چیرۆکی ئه‌و گه‌ریلا سویسی یه
فیلمی "ده‌یوید تۆڵهه‌ڵدان" داستانی ژیان و به‌سه‌رهاتی گه‌ریلایی "ده‌یوید رۆیلر"ی سویسی‌یه که 5 ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر له ژیانێکی ئاسوده‌وه به‌ره‌و ژیانێکی گه‌ریلایی له پێناو ئیده‌ئاله‌کانی و تێکه‌ڵ بوون به ریزی شۆرشگێرانی پ.ک.که وه سه‌فه‌ر ده‌کات و ناوی خۆی به "ده‌یوید ئۆجالان" ده‌گۆرێت. باوکی ده‌یوید رۆیلر پرۆفسۆرێکی زانکۆیه له سویس و هاوکات سه‌رۆکی دادگای باڵای فه‌درالی سویسه. فیلمه‌که باس له راستی ماجه‌را‌گه‌رایی، ئیده‌ئالیست ، خه‌یالاوی یان نا قاره‌مان بوونی ده‌یوید ده‌کات.فیلم بینه‌ره‌که‌ی راکێشی پرسیارگه‌لێک له‌سه‌ر بیر و رایان سه‌باره‌ت به گوشار، شه‌ره‌فی ئینسانی، ئازادی و شه‌ر ده‌کات. دۆکۆمه‌نته‌ره‌که هه‌روه‌ها کۆمه‌لێک وێنه‌ی رۆژانه، راسته‌قینه و سرنج راکێش له بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد نیشان ده‌دات.
فیلمی ده‌یوید تۆلهه‌ڵدان له مانگی فێوریه‌ی ده‌رباز بوو دا له سینه‌ماکانی سویس نیشان درا. دۆکۆمه‌نته‌ره‌که‌ی مانۆ خه‌لیل له چواره‌مین فێستیڤالی فیلمی کوردی له‌نده‌ن، فه‌ستیڤالی فیلمی کوردی به‌رلین و فه‌ستیڤالی فیلمی سۆلۆتۆرنێری سویسی به‌شداری ببوو.
رۆهات ئاڵاکۆم
وه‌رگێران له تورکییه‌وه: سه‌ردار سه‌عدی
مێژووی سینه‌مای ئه‌رمه‌نیستان له هه‌ر 10 ساڵ دا فیلمێکی کوردی به‌خۆیه‌وه بینیوه. ده‌ستپێکی ئه‌و فیلمه کوردیانه‌ش به‌سه‌رهاتی ژنێکی کورد به نێوی "زێرێ" یه که به شێوه‌ی بێ‌ده‌نگ به وێنه کێشراوه.80 ساڵ به‌ر له مێژووی ئێستامان، یه‌که‌م فیلمی کوردی به نێوی "زێرێ" که ره‌وشی ژنانی کورد باس ده‌کات، ساز کراوه و وه‌ک یه‌که‌م فیلم که کوردی به وێنه کێشاوه قه‌بوڵ ده‌کرێت.
دامه‌زرێنه‌ری سینه‌مای ئه‌رمه‌نیستان "حه‌مۆ به‌ک‌نه‌زه‌ریان" سازکردنی فیلمی "زێرێ"ی که باس له ژیانی کوردان ده‌کات، له ساڵی 1926 دا ده‌ست پێکردووه. ئه‌و فیلمه سێناریۆکه‌ی له لایه‌ن "هاکوب گازاریان" و به زمانی کوردی نوسراوه که بۆ یه‌که‌م جار ئه‌لفوبێی کوردی له سه‌ر ئه‌ساسی رێنوسی زمانی ئه‌رمه‌نی، که له لایه‌ن رۆشنبیرانی ئه‌و کات ئاماده کرابوو، بۆ نوسینی سێناریۆکه به‌کار هێنراوه. وێنه هه‌ڵگرتنی فیلمه‌که له گوندێکی کورده‌کانی ئه‌رمه‌نیستان ئه‌نجام دراوه......
پێنجه‌مین فه‌ستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلم و وێنه‌ی خوێندکارانی ئێران له 12 تا 16ی ئازه‌ر مانگدا له زانکۆی سه‌نعه‌تیی شه‌ریف به‌ڕێوه چوو.
خوێندکارانی کورد له‌م فه‌ستیڤاڵه‌دا به‌شدار بوون و له چه‌ندین بواردا پله‌کانی یه‌که‌م دووه‌م و سێهه‌میان به ده‌ست هێنا.
له به‌شی فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌ی ناوخۆییدا فیلمی " خه‌یاڵی ون‌بوو" ( رویای گمشده) له ده‌رهێنانی شیلان سه‌عدی و که‌یوان فه‌همی شایانی خه‌ڵاتی یه‌که‌م بینرا. هه‌روه‌ها فیلمی "هه‌موو شتێک ڕێک و پێکه" ( همه چی مرتبه) به‌رهه‌می ناسر نوورانی ( هه‌ژار) پله‌ی سێهه‌می وه ده‌ست هێنا. هه‌روه‌ها له به‌شی وێنه بابه‌ته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دا، خه‌ڵاتی پله‌ی دووهه‌م درا به که‌یوانی میسری.
لێپرسراوانی ئه‌م فه‌ستیڤاڵه له نێوان 1000 فیلم دا 100 فیلمیان بۆ به‌شداری له کێبه‌رکێیه‌که‌دا هه‌ڵبژاردبوو و له نێوان 6200 وێنه‌ی نێردراو 110 وێنه به‌شدار کرابوون.
بابه‌تێک له‌سه‌ر فیلمی خه‌یاڵی ون‌بوو لێره بخوێنه‌وه.
فیلمێکی دۆکۆمه‌نته‌ری سه‌باره‌ت به‌سینه‌مای مه‌هاباد

"خه‌یاڵی ون بوو" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی: شیلان سه‌عدی و که‌یوان فه‌هیمی
پرسیارێک و هه‌زاران پرسیارٍٍ؛ بۆ چی شارێک بێ سینه‌ما مایه‌وه؟
سینه‌ما ئه‌و خه‌ونه گشتی‌یه یه که له کاتی ئافراندنیه‌وه هه‌تا ئێستا وه‌ک خه‌ونی شار ده‌ناسرێت. خه‌ونێکی هاوبه‌شی شارنشینان. سینه‌ما بوو به خه‌یالێک که هه‌موو که‌س به بێ جیاوازی ده‌یانتوانی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه. ئیتر چیرۆکی ژیان و خولیاکانی هه‌ر مرۆڤێک له یه‌ک ئه‌کران دا دابه‌ش ده‌بوو. پێکه‌نین، گریان، سه‌رسورمان و هه‌مو هه‌سته‌کانی سه‌ر ئێکران له نێو ته‌ماشاچیه‌کانی دابه‌ش ده‌کرا. سینه‌ما بوو به خاڵی هاوبه‌شی هه‌ستی شارنشینان و نۆستالژیه‌کی هه‌تا دوایی بۆ ژیانی شار.
سینه‌مای مه‌هاباد
مه‌هاباد ئه‌گه‌رچی شارێکی چکۆله‌ی کوردستانه به‌ڵام ناوێکی ناسراو و مێژوویه‌کی به‌رچاوی هه‌یه. له باری چاندیشه‌وه هه‌ر کات وه‌ک پێشه‌نگێک ده‌ناسرێت. نزیکه‌ی نیو سه‌ده له‌مه‌و به‌ر سینه‌ما وه‌ک خه‌یاڵێکی هاوبه‌ش سرنجی خه‌ڵکی ئه‌و شاره بۆ‌خۆی راده‌کێشێت و نۆستالێژیایه‌کی نوێ بۆ ئه و شاره له گه‌ڵ خۆی دێنێت. ئه‌و ساڵۆنه سینه‌مایه‌ی که فیلم باسی لێوه ده‌کات ساڵی 1968 زایینی داده‌مه‌زرێت. سینه‌ما ته‌ربیه‌تی مه‌هاباد.
به‌ڵام چیرۆکی خه‌یاڵی ئه‌و شاره چوار ساڵ له مه‌و به‌ر یانی ساڵی 2002 (1381 هه‌تاوی) به یه‌کجار داده‌پچرێت و ئه‌و تاکه سینه‌مایه‌ی مه‌هاباد داده‌خرێت. فیلمی "خه‌یاڵی ون بوو" گێرانه‌وه‌یه‌کی جیاواز له چیرۆکی ئه و سینه‌مایه یه.......
نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی مانۆ خه‌لیل،"الانفال:به ناوی خودا، به‌عس و سه‌ددام"، له فه‌ستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئه‌تینا Athina که له نێوان 23 و 30 مانگی سێپتا‌مبر به‌رێوه ده‌چێت، به‌شداری ده‌کات.
"ئه‌نفال" نێوی سوره‌یه‌کی قورئانه که باس له سه‌رکه‌وتنی دوباره به سه‌ر کافران و حه‌لال بونی گیان و ماڵی وان ده‌کات. سالی 1987 میلادی به فه‌رمانی سه‌ددام و به نێوی ئه‌نفال، هێرشێکی درندانه بۆ سه‌ر کوردستان به سه‌رکردایه‌تی عه‌لی کیمیاوی کرا. له پرۆسه‌ی ئه‌نفال دا 182 هه‌زار مرۆڤی کورد کوژران، بێ سه‌ر و شوێن کران و کوردستان کاول کرا.
ئه‌و فیلمه دیکۆمه‌نته‌ری یه باس له‌و روداوه ده‌کات. فیلمه‌که تا ئێستا دوو جار له ته‌له‌فیزیۆنی سویس نمایش دراوه و له داهاتوویه‌کی نزیک دا بریاره له چه‌ندین ته‌له‌فیزیونی ئه‌وروپی نمایش بدرێت. فیلمه‌که به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی سویس و کوردستانه.
مانۆ خه‌لیل ده‌رهێنه‌ری کوردی له دایک بووی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی سویسه که تا ئێستا چه‌ندین فیلمی وه‌ک خه‌ونه ره‌نگینه‌کان، سه‌رکه‌وتنی ئاسن و ...، به‌رهه‌م هێناوه.

یه‌که‌م فیلمی ده‌رهێنه‌ری کوردی دانیشتووی ئه‌مریکا جه‌لال جۆنۆری، "ده‌یوید و له‌یلا" رای گشتی دونیای بۆ خۆی راکێشاوه.
جه‌لال جۆنۆری ده‌رهێنه‌ری کوردی له دایک بووی سلێمانی‌یه که ساڵهایه له شاری نیۆیۆرکی ئه‌مریکا داده‌نیشێت.ئه‌و ده‌رهێنه‌ره کورده له یه‌که‌م ئازموونی فیلمی بڵیندی خۆی دا، داستانی ئه‌وینی نێوان کچێکی کورد و موسوڵمان به ناوی له‌یلا و کورێکی جوله‌که‌ی ئه‌مریکایی به نێوی ده‌یوید ده‌گێرێته‌وه.
سێناریوی فیلمه‌که له‌سه‌ر ئه‌ساسی چیرۆکێکی راسته‌قینه نوسراوه‌ته‌وه و وه‌ک فیلمێکی کۆمیدی رۆمانتیک که خاوه‌ن لایه‌نی سیاسی‌یه ناوزه‌د ده‌کرێت.له‌یلا کچێکی کوردی عیراقی‌یه و هاورێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی له شاری نیۆیۆرک ژیان به‌سه‌ر ده‌بات به‌ڵام دانیشتووی ئه‌مریکا و خاون کارتی که‌سک نیه. ده‌یوید یش به‌رهه‌م هێنه‌رێکی ته‌له‌فیزیۆنی‌یه و ئه‌م دوانه له روداوێکی ناکاو یه‌کتر ده‌ناسن و ئه‌ویندار یه‌کتر ده‌بن. به‌ڵام زۆر شت رێگر ده بێت بۆ زه‌ماوه‌ندی وان. کێشه‌ی جیاوازی دینی و چاندی، کێشه‌ی ناره‌زایی بنه‌ماڵه‌کانیان. هه‌روه‌ها له‌یلا ئه‌وینداری وڵاته‌که‌ی، کوردستانه و نایهه‌وێ له کوردستان دوور بێت.
فیلمه‌که به شێوه‌یه‌کی کۆمیدی رۆمانتیک و هه‌روه‌ها به لایه‌نێکی سیاسی باس له‌و داستانه ئه‌ویندارانه‌یه‌ی "ده‌یوید و له‌یلا" ده‌کات.
ئه‌و فیلمه له زۆر فه‌ستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی میوان کرابوو و ئێستاش بۆ چه ندین فه‌ستیڤال بانگهێشت کراوه."ده‌یوید و له‌یلا" له‌و فه‌ستیڤالانه دا به‌شداری ده‌کات:
-21مین فه‌ستیڤالی فیلمی ناونه‌ته‌وه‌یی Annual Forte Lauderdale له فلۆریدای ئه‌مریکا ناوبه‌ری 20 ئۆکتۆبر و 12 نوامبر دا به‌رێوه ده‌چێت.
-30یه‌مین فه‌ستیڤالی فیلمی ناونه‌ته‌وه‌ییMostra Sao Paolo له برازیلیا له نێوان 20 ئۆکتۆبر و 2 نوامبر به‌رێوه ده‌چێت.
-فه‌ستیڤالی فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی Portsmouth که له رێکه‌وتی 12 هه‌تا 15 ئۆکتۆبر له شاری نیوهه‌مپشایر ی ئه‌مریکا به‌رێوه ده‌چێت.
-فه‌ستیڤالی فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی تاهیتیTahiti که له ناوبه‌ر 2 و 9 دێسامبر له شاری بۆرابۆرای تاهیتی به‌رێوه ده‌چێت.
ئه‌گه‌رچی جه‌لال جۆنۆری ئه‌و فیلمه‌ی به بودجه‌یه‌کی که‌مه‌وه به‌رهه‌م هێناوه به‌ڵام نوسه‌ری سایتی Kurdishcinema ده‌وریم کلیچ "Devrim kilic" سه‌باره‌ت به‌و فیلمه ده‌ڵێت:
"ئه‌و فیلمه هیچ که‌مێکی له‌و فیلمانه‌ی هۆلیوود نیه که به بودجه‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره ساز ده‌کرێن و ئاکته‌ره‌کانیش بێ‌وێنه و یه‌کجار سرنج راکێش رۆڵ ده‌گێرن. نوسینی سکریپته که و ده‌رهێنانی فیلمه‌که‌ش زۆر لێزانانه و پرۆفه‌سیۆنه‌ل بووه".
شایانی باسه که جۆنۆری جیاواز له نوسین و ده‌رهێنانه ئه‌و فیلمه، سێناریۆیه‌کی به نێوی گیل‌گامێش نوسیوه که سه‌رکه‌وتنی زۆری له ئه‌مریکا به ده‌ست هێناوه و له پلانی داهاتووی دایه تا ده‌رهێنانی فیلمی ئه‌و سیناریویه‌ش بکات.
بۆ ئاگاداری زیاتر سه‌ردانی سایتی نه‌ورۆز فیلم بکه‌ن.