وه‌رگێران له ئینگلیزیه‌وه: س.سه‌عدی
یه‌که‌مین فه‌ستیڤالی فیلمی کوردی مێلبۆرن رۆژی 21ی مارسی 2007 کاتژمێر 17 به کاتی مێلبۆرن ده‌ست به‌کاری خۆی ده‌کات و بریاره فه‌ستیڤاله‌که له نێوان رۆژانی 21 تا 23ی مارس له هۆڵی شانۆی یه‌کێتی خوێندکارانی زانکۆی مێلبۆرن له پارکویل به‌رێوه بچێت. فه‌ستیڤالی فیلمی کوردی مێلبۆرن، که پێشخستنی کولتور و سینه‌مای کوردی و هاندان و پشتیوانی کردن له ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌رانی نوێ و گه‌نجی کورد له کوردستان و ده‌ره‌وه ئامانجێتی، له نێوان 3 رۆژان دا به‌رێوه بچێت و زیاتر کورته فیلم و دۆکۆمهنتهر نیشان بدرێت. سپۆنسۆرهکانی فه‌ستیڤال بریتین له ئه‌نیستیتۆی کوردی ئۆسترالیا، ئاسیا لینک له زانکۆی مێلبۆرن و کۆمۆسیۆنی چه‌ند کولتوری ویکتۆریا. فه‌ستیڤال به‌شێکی کێبه‌رکێی هه‌یه و فیلمی یه‌که‌م خه‌ڵات ده‌کرێت.
فیلمه‌کان له کاتژمێر 5 هه‌تا 8 و نیوی ئێواره به کاتی مێلبۆرن و له نێوان 3 رۆژان دا نمایش بدرێن و بلیتی چوونه ژوور 5 دۆلاره. تا ئێستا 10 فیلم بۆ نمایش ئاماده کراون. که بریتین له:
ـخهیاڵی ونبوو، که‌یوان فه‌هیمی و شیلان سه‌عدی، 29 خوله‌ک، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ـسهمبۆلی تورکیه: کێشه‌ی کورد، ژیار گوڵ، 57 خوله‌ک، کانادا.
ـپێوانه، ئه‌میر غوڵامی، 8 خوله‌ک، باشووری کوردستان.
ـمن له خوا تۆراوم، ئیبراهیم ره‌حمانیان، 10خوله‌ک،رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ـئاوی ره‌ش،سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه، 30 خوله‌ک، به‌لژیکا.
ـماشێنی شه‌تره‌نجی مرۆڤ، والێری بهرهڤی، 8 خوله‌ک، کانادا.
ـئاوێنهی دوێنێ، خالید حه‌مه‌لاو، 10خوله‌ک، باشوری کوردستان.
ـگڵی سوور، ئیسماعیل عومه‌ر و مام پۆڵا، 13خوله‌ک، باشووری کوردستان.
ـدوچهرخه، هۆره‌ن غه‌ریب،4خوله‌ک، باشووری کوردستان.
ـژیان، زانا حه‌مه غه‌ریب، 9خوله‌ک، باشووری کوردستان.
هه‌روه‌ها هه‌ژمارێک فیلمی تریش نمایش بدرێن به‌ڵام تا ئێستا له لایه‌ن کۆمیته‌ی فهستیڤالهوه لیستیان دیاری نه‌کراوه. کاتی نمایش دانی ئه‌و فیلمانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش تا ئێستا دیاری نه‌کراوه.
بۆ زانیاری زیاتر سه‌ردانی سایتی فه‌ستیڤال بکه‌ن: www.mksff.com
سه‌رچاوه: کوردیش میدیا
ده‌وریم قیلیچ، فرات
وه‌رگێران له تورکییه‌وه:س.سه‌عدی
فیلمی دۆکۆمهنتهری"ده‌یوید تۆڵهه‌ڵدان" کاری ده‌رهێنه‌ری سویسی به ره‌چه‌ڵه‌ک کورد "مانۆ خه‌لیل"، که چیرۆکی گه‌ریلایه‌کی به ره‌چه‌ڵه‌ک سویسی پ.ک.ک به ناوی"ده‌یوید رۆیلێر" ده‌گێرێته‌وه، به هۆی گوشاره‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیه له سه‌ر ئه‌کرانی فه‌ستیڤالی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی ئیمارات لادرا.ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که "مانۆ خه‌لیل"، که خۆی ئێستا له ئه‌بوزه‌بی یه، رایگه‌یاندووه که چه‌ند کاتژمێرێک به‌ر له نیشان دانی فیلمه‌که‌ی له فێستیڤال، له لایه‌ن کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری فێستیڤال پێی راگه‌یاندراوه که فیلمه‌که‌ی نیشان نادرێت.
له لێدوانی خه‌لیل دا هاتووه،" ئێواره‌ی رۆژی 12 مارس کاتژمێر 10 بریار بوو فیلمه‌که نیشان بدرێت. به‌ڵام به‌یانی هه‌ر ئه‌و رۆژه به‌رێوه‌به‌ری فه‌ستیڤال، "مه‌سعود ئه‌مرالی ئالی عه‌لی" پێی راگه‌یاندم که فیلمه‌که‌ت نیشان نادرێت، ئه‌ویش به‌و هۆیه که حکومه‌تی تورکیا له‌وباره‌وه په‌یوه‌ندی به حکومه‌تی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب گرتووه و ئیماراتیش بریاری راگرتنی نمایشی فیلمی ئێوه‌ی داوه. به‌رپرسی فهستیڤالیش له به‌رانبه‌ر ئه‌و بریاره راوه‌ستاوه به‌ڵام هیچ ئاکامێکی نه‌بووه".
خه‌لیل دوای مه‌حکوم کردنی ئه‌و بریاره، باسی له دڵشکاوی ئه‌و بینه‌رانه کرد که به مه‌راقه‌وه چاوه‌روانی نیشاندانی فیلمه‌که بوون. ده‌رهێنه‌ر دوای ئه‌وه که ئاماژه‌ی به بێده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب له به‌رانبه‌ر تورکیه کرد، دستنیشانی کرد که ئه‌وه جارێکی دیکه نیشانی دا ده‌وڵه‌تی تورکیه چه‌نده خاوه‌ن که‌سایه‌تییه‌کی قه‌ده‌غه که‌ر، دژه هونه‌ر، دژه دیالۆگ و دژ به ئازادی رامانه.
"با بزانن که کوردستان ئازاد ده‌بێت"
خه‌لیل به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه که ئه‌و دێکومهنتهره له لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سویس و ته‌له‌ڤیزیۆنی ده‌وله‌تی ئه‌و وڵاته بودجه‌ی بۆ ته‌رخان کرابوو، سرنجی بۆ ئه‌وه راکێشا که ئه‌و فیلمه هه‌م له سویس و هه‌م له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا نمایش دراوه و پێشوازیه‌کی زۆر له فیلمه‌که‌ی کراوه. له به‌رده‌وامی وته‌کانی دا خه‌لیل وتی" ملکه‌چ بوونی کۆمیته‌ی فه‌ستیڤال له به‌رانبه‌ر گوشاره‌کانی تورکیه مێشکمی تێکه‌ڵ کرد. سه‌رده‌می ئێستا سه‌رده‌می ئازادی بیر و رامانه. سه‌رده‌می فاشیزم و دیکتاتۆرێتی نیه. ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه تا ئێستا کردوویه‌تی ته‌نیا خنکاندنی ده‌نگی گه‌لی کورد و هونهرمهندهکانیهتی. به‌ڵام با ئه‌وه بزانن که ئه‌و قه‌ده‌غه کاریانه ته‌نیا هێز و به‌بریار بوونی زیاترمان له کار و خه‌بات دا په‌ره پێده‌دات. تورکه‌کان ئه‌گه‌ر بچنه ئه‌و په‌ری ئاسمانیش ده‌بێ ئه‌وه بزانن که کوردستان هه‌ر ئازاد ده‌بێت. با فیلمه‌که قه‌ده‌غه کرابێت به‌ڵام گه‌لی کورد و ده‌رهێنه‌ره‌کانی به سه‌دان دۆستی تریان له ئاکام دا به‌ده‌ست هێنا".
چیرۆکی ئه‌و گه‌ریلا سویسی یه
فیلمی "ده‌یوید تۆڵهه‌ڵدان" داستانی ژیان و به‌سه‌رهاتی گه‌ریلایی "ده‌یوید رۆیلر"ی سویسییه که 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ژیانێکی ئاسوده‌وه به‌ره‌و ژیانێکی گه‌ریلایی له پێناو ئیده‌ئاله‌کانی و تێکه‌ڵ بوون به ریزی شۆرشگێرانی پ.ک.که وه سه‌فه‌ر ده‌کات و ناوی خۆی به "ده‌یوید ئۆجالان" ده‌گۆرێت. باوکی ده‌یوید رۆیلر پرۆفسۆرێکی زانکۆیه له سویس و هاوکات سه‌رۆکی دادگای باڵای فه‌درالی سویسه. فیلمه‌که باس له راستی ماجهراگهرایی، ئیده‌ئالیست ، خه‌یالاوی یان نا قاره‌مان بوونی ده‌یوید ده‌کات.فیلم بینه‌ره‌که‌ی راکێشی پرسیارگه‌لێک له‌سه‌ر بیر و رایان سه‌باره‌ت به گوشار، شه‌ره‌فی ئینسانی، ئازادی و شهر ده‌کات. دۆکۆمهنتهرهکه هه‌روه‌ها کۆمه‌لێک وێنه‌ی رۆژانه، راسته‌قینه و سرنج راکێش له بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد نیشان ده‌دات.
فیلمی ده‌یوید تۆلهه‌ڵدان له مانگی فێوریه‌ی ده‌رباز بوو دا له سینه‌ماکانی سویس نیشان درا. دۆکۆمهنتهرهکهی مانۆ خه‌لیل له چواره‌مین فێستیڤالی فیلمی کوردی له‌نده‌ن، فه‌ستیڤالی فیلمی کوردی به‌رلین و فه‌ستیڤالی فیلمی سۆلۆتۆرنێری سویسی به‌شداری ببوو.